داعش: دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتمان ڕفاندووە و دواتر کوشتومانن

دێرەزوور – نۆرس پرێس

پێگە ئەلیكترۆنییەكانی نزیک لە داعش دوێنێ سێشەممە ڕایانگەیاند، چەكدارانی داعش “دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە ڕەققەی باکوری سوریا ڕفاندووە و کوشتوویانن.

پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماق کە نزیکە لەو ڕێکخراوە، راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارەکانیان دوو ئەندامی “هەواڵگری”ی هێزەکانی هەسەدەیان ڕفاندووە کە ماتۆڕسکیلێکیان لێخوڕیوە لە نزیک گوندی ئەلبارودە لە شارۆچکەی مەنسورە لە باشووری ڕۆژئاوای شاری ڕەققە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، چەکدارانی ڕێکخراوەکە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بە دەمانچە ئەو دوو ئەندامەی هەسەدەیان کوشتووە و دەستیان بەسەر ماتۆڕسکیلەکەدا گرتووە.

تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموكرات لەسەر ئەم رووداوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

ئامادەکردنی: ماهر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان