بارهەڵگرەکانی تورکیا سەرچاوەی بژێویی دەیەها خێزانی گوندەواری حەڵەب دەبڕن
حەڵەب – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، دەیان شۆفێر لە شاری ئەعزاز لە باکووری شاری حەڵەب، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان رێکخست لە دژی رێگەدان بە شۆفێرانی تورکیا بۆ چوونە ناو خاکی سووریاوە بە بارەکانیانەوە، کە هەر ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی کارەکانیان.
یەکێک لە شۆفێرانی بەشداربووی ناڕەزایەتییەکە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرچاوەی ناکۆکییەکە رێگەدانە بە شۆفێرانی بارهەڵگری تورکیا، کە بە کەلوپەلەکانیانەوە بێنە نێو خاکی سووریاوە، لەبری ئەوەی کەلوپەلەکان لە دەروازەکە رادەستی بارهەڵگرە سوورییەکان بکەن بۆ گواستنەوەیان بۆ ناوچە جیاوازەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، کە پێشتر کارەکە بەشێوەیەکی رێکخراوە لە نێوان شۆفێرانی سووریا و تورکیادا دابەشکرابوو، بەڵام “حکوومەتی کاتی” دڵسۆز بۆ تورکیا بەتەوایی کاری بارهەڵگرە سورییەکانی راگرتووە و تەواوی کارەکەی رادەستی بارهەڵگرە تورکییەکان کردووە، ئه مه ش بووەتە هۆی بڕینی بژێوی دەیان شۆفێری سووری.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی رێکخراووە، بەڵام “بێسوود”بووە.
خۆپیشاندەران چادرێکیان لەسەر رێگای بەیەکەوە بەستنەوەی شاری ئەعزاز و دەروازەی باب ئەلسەلامە لە باکووری حەڵەب داناوە، بە نیازی ناڕەزایەتی دەربڕینن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.