ئەمڕۆ 239 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت

سلێمانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ 239 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا لە باشووری کوردستان، کە بە شارێکی نوێ و مۆدێڕنی کوردستانی دادەنرێت.

 شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن “ئیبراھیم پاشای بابان”ەوە دروست کراوە، ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، “سلێمان پاشا” ناوناوە، سلێمانی جگەلەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، لەھەمانکاتدا مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیری ناوچەکەش بوو.

لەم یادەدا، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەم شارە زیندوەی نیشتمان لە بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵیدا رۆڵێکی بەھێزی گێڕاوە، جێدەستی لە ھێنانەکایەی عیراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆرییەتدا زۆر باش دەناسرێتەوە، ھەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆ ئەوەی جوانتر و جوانتر بێت”.

لەڕێگەی روپەڕەکانیەوە لە پلاتفۆرمی تۆڕە جڤاکییەکان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، پیرۆزبایی دامەزراندنی سلێمانی کرد.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێ: “بە بۆنەی 239مین ساڵیادی بنیاتنانی پایتەختی رۆشنبیریی كوردستان، شاری سلێمانیی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خه‌ڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: “سلێمانی هەمیشە شارێكی زیندوو بووە و رۆڵ و پێگەیەكی كاریگەر و دیاری لە خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان هەبووە. بە ئومێدی ئاوەدانی و گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ سلێمانی و سەرجەم شارەكانی دیكەی كوردستان”.

هەروەک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانیەوە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیوویەتی: “یادی 239 ساڵی بنیاتنانی شاری سلێمانی لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، هیوادارم خوای گەورە دەرفەتی ئەوەمان بۆ برەخسێنێت کە بتوانین خزمەتی زیاتری خەڵک و شاری هەڵمەت و قوربانی بکەین”.

لە ساڵانی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە، شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی رۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.

بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی 1955 پانی رووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەتر بووە و ژمارەی دانیشتووانی گەشتووەتە نزیکەی 60 ھەزار کەس و نزیکەی 7 ھەزار خانووی تیادا بووە، کە لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتبوو، ئەوانیش (کانێسکان، گۆیژە، مەڵکەنی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن)، ئەمە جگە لە گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.