بونیاتنانی ئۆردوگایەکی نوێی تورکی لە کێوی دارستانەکانی عەفرینی داگیرکراو
عەفرین – نۆرس پرێس
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، بە هەماهەنگی تورکیا، دروستکردنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێبوونی نوێ لە کێوی مەحمودییە، لە دارستانەکانی شاری عەفرینی بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاڤا، کارەکانی تەواو بوو.
لە کۆتایی مانگی رابردوو رێکخراوە ناوخۆییەکان بە پاڵپشتی سعودییە توانیان بنیاتنانی شەش یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ لە نزیک گوندی غەزاویە لە گوندەواری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بۆ هاوردەکان تەواو بکەن.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کۆمەڵەی “دەستە سپییەکان” بە پاڵپشتی و هەماهەنگی قەتەر و تورکیا، دروستکردنی 75 یەکەی نیشتەجێبوونیان لە بەشی باشووری رۆژئاوای کێوی مەحمودییە لە شاری عەفرین لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاڤا، تەواو کردووە.
ئەم ئۆردوگا نیشتەجێبوونە نوێیە لە ناو ئەو دارستانەدا دروستکراوە کە رووی لە شاری عەفرینە، ئەمەش دوای ئەوەی میلیشیا دڵسۆزەکان بۆ تورکیا لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوە، لە بەهاری 2018ەوە درەختەکانیان لە رەگەوە هەڵکێشاوە.
لە پاش داگیرکردنی عەفرینەوە.. بە بەردەوامی میلیشیا دڵسۆزەکان بۆ تورکیا درەختەکانیان لە رەگەوە هەڵدەکێشن و رێکخراوە تورکی و قەتەری و سعودییەکانیش لە شوێنی دارستانەکان ئۆردوگا بۆ هاوردەکان بونیات دەنێن.
لە پاش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2018دا، ناوچەکە دابەزینی روونی رووپۆشی ژینگەیی و بڕینەوەی هەزاران نەمامی بەخۆوەبینیوە، هەروەها میدیا نێودەوڵەتییەکانیش دزینی زەیتی زەیتونیان لە عەفرینەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بەبەڵگە کردوە.
لەنێو ئەو ڕێژەیەی کە بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس تۆماری کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 5030 درەختی زەیتون و 2060 درەختی هەنار لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاڤا بڕدراونەتەوە.