هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژرانی سێ ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای کەرکووک راگەیاند.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسووڵ لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، “ئۆپەراسیۆنێکی جۆریی لە دۆڵی زەغیتوون، لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا 3 ئەندامی داعش کوژران “.
بەپێی ئەوەی لە راگەێنراوەکەی ئەو بەرپرسە سەربازییەدا هاتووە، ئەوانەی لە نێو کوژراوەکاندا هەبوون، یەکێکیان “فەرماندەی قەزای ریاز” و ئەوی دی بەرپرسی لۆجستی رێکخراوەکە بوون”.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن فڕۆکەوانی سوپاوە پاڵپشتکراوە و لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە “یەکێک لە سێ ئەندامەکە پشتێنێکی مینڕێژکراوی بەستبوو”.
دوێنێ دووشەممەش، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی راگەیاند، کە بەرپرسی دابینکردنی “خۆراک” بووە بۆ داعش لەو ناوچەی کە ناویانناوە “ویلایەتی کەرکووک”.
تۆڕەکە کە لە سێ ئەندام پێکهاتبوو، کەسێک بە ناوی “ئیدریس رەئوف محمد تەها” سەرۆکایەتی دەکرد، جگە لە هەڵگری سەرەکی توخمەکانی ڕێکخراوەکە، ئەمە جگە لەوەی یەکێکیان بەرپرسی پەیوەندی بووە بە سەرۆکایەتی گشتی رێکخراوەکەوە، کە بە “ویلایەتی عێراق” ناوی دەبەن.
رەسووڵ ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەزگای ئەمنی بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە چۆنایەتییەکانی بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی داعش، بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتی سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فەریق “کەریم ئەلتەمیمی”.