فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئێرانی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی تەدمور دەنیشێتەوە
حەلەب – نۆرس پرێس
ئەفسەرێک لە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوێنێ دووشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هێڵی ئاسمانی ئێرانی گەیشتە فڕۆکەخانەی تەدمور، کە ژمارەیەك سەرکردەی ئێرانی تیادابووە کە لە سوریا چالاکی دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو، نۆرس پرێس لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیاری لەبارەی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی سەربازی تەدمور لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستکەوت، کە لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی 2021 ەوە لەلایەن هێزەکانی ڤاگنەری ڕووسییەوە بەكاردەهێندرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب لە مانگی ڕابردوو، كاریگەری لەسەر دابینکردنی پێداویستی هێزەکانی ئێران بۆ ناو خاکی سوریا هەبووە.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە کە دابەزاندنی بارەکە لە فڕۆکە و گواستنەوەی بۆ کۆگاکانی سەر ڕێگای حەما – ڕەققە و ناوچەی زەهەبیە لە دیوی باشووری شاری حەلەب لە درەنگانی شەودا بووە.