حومس.. هێرشێکی داعش، کوژراو و برینداری لە هێزەکانی حکومەت و ئێران لێكەوتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، لە هێرشێکی چەكدارانی داعش، کە بارەگاکانی حکومەتی لە باشووری دەشتی حومس لە ناوەڕاستی سوریا، کردە ئامانج، سێ ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، چەكدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێكی هێزەکانی حکومەت و بارەگای لیوای قودس لە ناوچەی ڕەسافە و دەشتی حومس.

ئەوەش خراوەتەڕوو، چەکدارانی ڕێکخراوەکە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە سەربازییەکانی هێزەکانی حکومەت و لیوای قودسی لایەنگری ئێران، لە نزیک ناوچەی جەعبدین لە ڕەققە، هاوکات داعش هێرشێکی دیکەی بۆ سەر بارەگاکانی حکومەت، لە نزیک شاری تەدمور لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حومس ئەنجامداوە.

ئەم سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس رایگەیاندووە: هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی نەقیب عەلی قازی و دوو ئەندامی لیوای قودسی لایەنگری ئێران، هەروەها پێنج ئەندامی دیكەی هێزەکانی حکوومەتی برینداربوونە.

شایەنی باسە سێ هێرشی ئەم دوایەی داعش بۆ سەر بارەگای هێزەکانی حکومەت لە پێدەشتەكانی سوریا بووەتە هۆی کوژراو و بریندار بوونی نزیکەی 50 ئەندامی هێزەکانی دیمەشق و لایەنگرانی ئێران.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان