حکومەتی سوریا مۆڵەتی گەیاندنی هاوکارییەكان لە ڕێگەی دوو دەروازەوە لەگەڵ تورکیا درێژ دەکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند سوریا مۆڵەتی گەیاندنی هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە كۆنتڕۆل كراون، لە ڕێگەی دوو دەروازەی سنوورییەوە لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژ کردووەتەوە.
دوای ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ڕابردوو زیاتر لە 50 هەزار کەس لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستدا، دیمەشق سەرەتا ڕێگەی بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ڕێگەی ئەو دوو دەروازەوە بۆ ماوەی سێ مانگ هاوکاری بنێرێت و بۆ جاری سێیەمیش ئەمەی تا 13 ی شوباتی داهاتوو درێژکردەوە.
هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014 ەوە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەروازەی باب ئەلهەوای بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ملیۆنان کەس لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەکاردەهێنا، بەڵام ئەو ئەرکە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا کۆتایی هات، چونکە ئەنجومەنەکە نەگەیشتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی هاوکارییەکان .
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: گەیاندنی هاوكارییەكان لە رێگای دەروازەی سنوورییەوە بەردەوام دەبێت، بە تێكڕای مانگانە بۆ دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار كەس.
لای خۆیەوە نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر درێژکردنەوەی بەکارهێنانی دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و ئەلراعی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردووەتەوە.