ڕوسیا هەر یەكە لە ئەمریکا و ئەوروپا بەخنکاندنی ئابووری سوریا تۆمەتبار دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەكات بە خنکاندنی ئابووری سوریا، بە سەپاندنی سزا و بەردەوام بوون لە تاڵانکردنی سامانەکەی، ئاماژە بەوەش دەكات هاوکاری مرۆیی گونجاو پێشکەش بە دیمەشق نەکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەردەوامن لە خنکاندنی ئابووری سوریا. سزاكانی سەر سوریاشی بە گەمارۆی تاکلایەنەی نایاسایی وەسف کردووە، كە قەدەغەی هاوردەکردنی کەرەستەی بیناسازی، مۆلیدە، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لەخۆدەگرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزاکانی سەر سوریا، کوبا و ڤەنزوێلا دەكات و راشیدەگەیەنێت هاوکاری مرۆیی گونجاو بۆ سوریا پێشکەش ناکرێت چونكە بەڵێنی تەرخانکردنی پارە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە جێبەجێ ناکرێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، نەتەوە یەکگرتووەکان بە كەمتەرخەم دەزانێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.