“مقاوەمەی ئیسلامی” ئەنجامدانی دوو هێرشی نوێ لە سوریا ڕادەگەیەنێت

گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە عێراق” ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە دوو هێرشی نوێیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریکا لە سووریا ئەنجام داوە.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە ئەمەریكا هێرشی ئاسمانی دژی گروپەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە بوکەمال و مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا لە ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردوو.

پێگە ئەلیكترۆنییەكانی نزیك لەو گروپە چەكدارانە رایانگەیاندووە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە گوندی خەزرا لە قووڵایی سوریا.

“مقاوەمەی ئیسلامی”  لە راگەیەندراوێكی جیادا هێرشێکی دیکەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنێکی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە سوریا ئەنجامداوە.

هاوکات دوێنێ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا و “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لە رۆژئاوای كوردستان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم چوار جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکان زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانێکی کەمی ماددییان هەبووە.

ژمارەی ئەو هێرشانەی کە لە 17 ی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانەوە ئەنجامدراون، زیاتر لە 55 هێرش بووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر