ئەمریکا چەند گورزێک لە ئامانجەکانی ئێران لە سوریا دەوەشێنێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، جێبەجێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، کۆڵۆنێڵ جۆ بوتشین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا بە رێنمایی سەرۆک بایدن و بەپێی دەسەڵاتی ئەو، ئەمڕۆ هەڵمەتی وردیان لە دێرەزوور لە سوریا ئەنجامداوە دژی بەو دامەزراوە ژێرخانیانەی کە بەکارهێنراون لەلایەن ئەو گروپانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە باسی قەبارەی ئەو زیانانەی نەکردووە کە لەو گورزانە کەوتوونەتەوە.
ئاماژهی بهوهشدا كه ئامانجی ئهو هێرشه وردانه بهرگریكردن و پاراستنی هێزهكانی ئهمریكایه له هێرشهكانی وهك ئهو هێرشانهی له 15ی ئابدا له لایهن گروپهكانی سهر به ئێرانهوه بۆ سهر كارمهندانی ئهمریكا دهستیان پێكردووه.
نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر بنکەی ئەلتەنەف لە سوریا کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کرایەسەر، ئەمەش لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 ەوە دووەم جاربوو هێرشی لەمجۆرەی بکرێتە سەر.
وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لێدانانە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمریکی پێویستن. ئەمریکا رێوشوێنی پێویست و مەبەستداری گرتوەتەبەر بۆ سنووردانان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان ونەکەوتنەوەی قوربانی.
لە راگەیەندراوەکەی سەرکردایەتیدا هاتووە، ئەمریکا بەدوای ململانێدا ناگەڕێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە گەلەکەی.
عەقید جۆ بوتشین لە کۆتاییدا وتی “ئێمە لە سووریاین بۆ ئەوەی شکستی بەردەوامی داعش مسۆگەر بکەین”.