بەغدا داوا ده‌كات ئەنقەرە بڕی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات زیاد بکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ دووشەممە حکومەتی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپارد داوا لە تورکیا بکات ڕێژەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات زیاد بکات. ئه‌م داوایه‌ لە میانەی چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران هات.

لە بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە کە سودانی سەرپەرشتی چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوی کردووە و تیایدا دۆخی سەرچاوە ئاوییەکان تاوتوێ کراوە و دۆسیه‌ی پەیوەندیدار بەو بابەتەش تیشکی خراوه‌ته‌ سەر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواکاری لە لایەنی تورکیا كراوه‌ بۆ زیادکردنی بڕی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو لە ڕووباری فورات لە سنووری تورکیا و سوریا، هەروەها زیادکردنی ڕێژەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو لە بەنداوی ئیلیسۆەوە بۆ رووباری دیجلە.

مانگی ئایاری ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە، کەمی ئاوی بە مەترسییەکی گه‌وره‌ بۆ سەر عێراق وەسف کرد.

سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە تورکیاوه‌یه‌ و بە سوریادا تێدەپەڕن. عێراق داوا دەکات تورکیا پابەندی ئەو ڕێککەوتنه‌كانی تایبه‌ت بە به‌ردانه‌وه‌ی بڕی ئاو بۆ ناو ڕووباری فورات بێت، کە 500 مەتر سێجایه‌ لە چرکەیەکدا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر