بەئامانجکردنی پێگەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر بەئامانجکردنی نوێ، کە لانیکەم “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لە یەکێکیان راگەیاند.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دەنگی شەش تەقینەوە لە دەوروبەری بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندی خەراب ئەلجیر لە گوندەواری شارۆچکەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان بیستراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی شەدادی لە گوندەواری حەسەکە کە سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، کراوەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی کاتژمێر حەوتی بەیانی دوو تەقینەوە لە بنکەکەوە بیستراوە، دواتر فڕۆکە سەربازییەکان بەسەر ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

“مقاوەمەی ئیسلامی” لە ڕێگەی ژێدەرە ئەلیکترۆنییەکانیەوە درەنگانی دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، کە بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کە “راستەوخۆ ئامانجەکەی پێکاوە”.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ئەمریکا دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور راگەیاند، جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی رایگەیاند: ئەو”ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئیستفزازی بەردەوامی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەواندا هاتوون لە عێراق و سووریا”.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەکە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی توانای پۆڵاین، یان فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، هیچ لێدوانێکیان لەسەر بەئامانجکردنە نوێیەکان نەداوە و دوایین سەرنجیان سنووردار بووە بە راگەیاندنی دەستپێکردنی هێرشەکانیانەوە بۆ سەر ئێران و بریکارەکانی.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنەوەی: روبین عومەر