بۆردوومانێکی حکومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “هەسەدە” لە دێرەزوور زیانی ماڵی لێکەوتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە، چەندین گولـلە تۆپ و هاوەن لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کەوتنە سەر ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور و زیانی ماڵیی بە موڵک و سامانی دانیشتووان کەوت.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی حەوایج له گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، پێنج هاوەن بەر ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل کەوتوون، له گەڕەکی ئەلمەعبار لە نزیک رووباری فورات، هەروەها دوو هاوەنیش بەر فرۆشگایەکی بازرگانی کەوتوون، لە شارۆچکەی ئەلبوسەیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆپ و هاوەنانە زیانێکی ماڵیی “گەورە”یان بە ماڵەکان گەیاندووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، لە شارۆچکەی حەوایج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، هاوەنێک بەسەر ماڵێکدا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا و ئەندامانی خێزانەکەی برینداربوون.

سەرچاوەیەکی دیکەی دانیشتووی شارۆچکەی ئەلسوسە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، سێ گولـلە هاوەن لە نزیک ماڵێکی سڤیل لە گەڕەکی ئەلمەراشدە کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا زیان بە سەربانی ماڵەکە گەیشتووە، لە کاتێکدا دانیشتوانی گەڕەکەکە لە ترسی بۆردوومانی دیکە بەرەو بیابانەکان هەڵهاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە پێنج مووشەکی بچووک کەوتوونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە بەشێکیان نەتەقیونەتەوە، لەنزیک شارۆچکەی خاشام لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان