پاش هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە.. فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی سووریا و عێراقی کردووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
گۆڤاری “فۆرین پۆلیسی”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دوای هێرشی بزووتنەوەی (حەماس) بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سووریا و عێراقی کردووە.
گۆڤارەکە لە گوتارێکیدا کە دوێنێ شەممە، بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکردووە، سەردانەکە “بۆ هەماهەنگی بووە لەگەڵ بریکارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا و عێراق”، بەڵام ئاماژەیان بە وادەی دیاریکراوی سەردانەکەی نەکردووە.
بابەتەکە لە لایەن کەسرا ئەعرابی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی دیسکی سوپای پاسداران، لە رێکخراوە یەکگرتووەکانی دژ بە پرۆژەی ئەتۆمی ئێرانی و جەیسۆن ئێم برۆدسکی، بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی هەمان رێکخراوەوە نووسراوە.
گۆڤارەکە بڵاویکردەوە، سەردانەکە دوای زیاتر لە چل هێرشی مووشەکی یان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دێت، کە لەلایەن بریکارەکانی تارانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق ئەنجامدراوە.
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، هێرشی حەماس بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 400 کەس و گرتنی زیاتر لە 240 ئیسرائیلی بە بارمتە، کە بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران لە لایەن ئیسرائیلەوە وەڵام دراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە چەند لایەکەوە هێرشی وشکانیان ئەنجامداوە و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، تا ئێستا لە غەززە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون.

هێرشەکانی ئێران بە ئامانجی “تاقیکردنەوەی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا و کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوەکانی پەرەسەندن” ئەنجام دراون و زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە “بریکارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا دەستیان بە جوڵە کردووە بەرەو سنووری ئیسرائیل “.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، تۆپ و فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەیان پێگەی سووریایان کردۆتە ئامانج و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت وەڵامی هێرشەکانی حیزبوڵا و میلیشیا ئێرانییەکانیان داوەتەوە، حکومەتی سووریاش تۆمەتبار دەکات بەوەی بەرەیەکی دیکەی لە دژیان کردۆتەوە.
دوایین هێرش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە راگەێنرا، کە فڕۆکە جەنگییەکان هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر “ژێرخانی ئابووری تیرۆریستان لە سووریا” ئەنجامداوە.
گۆڤارەکە رایگەیاندووە کە میدیاکانی سووریا راپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە، لەسەر هاتنی یەکەی “رەزوان”ی تایبەت بە حزبوڵڵا بۆ سووریا لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا و جێگیرکردنیان لە نزیک ئیسرائیل.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، فەرماندەی سوپای قودس، ئیسماعیل قائانی، سەردانی باشووری سووریای کردووە و ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نوێی بۆ سوپای پاسداران و بریکارەکانی بەدرێژایی بەرزاییەکانی جۆلان دامەزراندووە، کە بە بۆچوونی نووسەرەکان، “ئەمە روونترین ئاماژەیە بۆ رۆڵی بنەڕەتی بەرەی سووری لە پەرەسەندنەکانی سوپای پاسداراندا و لە چەندین بەرەی دژ بە ئیسرائیلدا”.
ئەو دوو نووسەرە پێیان وابوو ئەگەر کێشەی حەماس و ئیسرائیلیش چارەسەر بکرێت، تاران خۆی بۆ پەرەسەندنی زیاتر ئامادە دەکات، ئەگەرچی لە بەرەی جیاوازیشەوە بێت، “و لێرەدا سووریا بە تایبەتی گرنگە”.
بە بۆچوونی ئەوان عێراق شانۆیەکی دیکەیە کە رژێمی ئێران دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، لە بری ئەوەی حیزبوڵا بەکاربهێنێت بۆ کردنەوەی بەرەیەک لە باکوورەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و پشتگوێخستنی ئەم هەڕەشەیە لە سووریا و دەرەوەی ئیسرائیل، “هەڵەیەکی کوشندە” دەبێت.