بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوور.. میلیشیاکانی سەر بە تورکیا چوار کەس لە عەفرین دەستگیر دەکەن

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، میلیشیای “شورتەی عەسکەری” سەر بە “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا، چوار کەسیان لە گوندەواری عەفرین لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاڤا، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو خاکی تورکیاوە دەستگیرکرد، لە نێویاندا ژنێک هەیە.

سەرچاوەیەک لە ناحیەی مەعبەتلی سەر بە گوندەواری عەفرین رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر، میلیشیای “شورتەی عەسکەری”ی سەر بە تورکیا، بە بیانووی مامەڵەکردنی پێشوویان لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەریی 10 کەسیان دەستگیرکردووە.

سەرچاوە ئەمنییەکان بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان راگەیاند، لە بازگەی “شورتەی عەسکەری” لە نزیک گوندی ئەنقلە لە باکووری رۆژئاوای قەزای جندرێس لە گوندەواری عەفرین، سێ گەنج و ژنێکیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری تورکیا دەستگیرکراون.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژنێک و گەنجێکیان دانیشتووی شاری عەفرینن و دوو گەنجەکەی دیکە خەڵکی شارۆچکەی عەندانن لە رۆژئاوای شاری حەڵەب، پاش دەستگیرکردنیان، گواستراونەتەوە بۆ بارەگای “شورتەی عەسکەری” لە جندرێس.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ / داڕشتنەوەی: مالین محەمەد