بۆ جاری سێهەم لە ماوەی هەفتەیەکدا.. “داعـش” هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی حکومەت لەناوڕاستی سووریا

دێرەزوور – نۆرس پرێس

درەنگانێکی شەوی شەممە/یەکشەممە، “داعش” هێرشی کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی حکومەت لە بیابانی تەدمر لە گوندەواری حومس لە ناوەڕاستی سووریا، کە ئەمەش لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سێهەم هێرشە کە ئەو گروپە توندڕەوە بۆ سەریان ئەنجامی بدات.

هەینی رابردوو، رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی حکومەت و گروپەکانی “دیفاع وەتەنی” راگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە 30 کەس کوژران و برینداربوون، لەنێویاندا سەرباز و کەسانی دیکە هەبوون، کە لە کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی “قاترچی” لە ناوەڕاستی سووریا کاردەکەن.

سەرچاوەیەکی سەربازی له هێزەکانی حکومەت رایگەیاند، چەکدارانی داعش بە دۆشکە هێرشیان کردە سەر بارەگای سەربازی هاوبەشی هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی دیفاع وەتەنی، له چواردەووری بیابانی تەدمر له گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە توانیویانە بارەگاکە کۆنترۆڵ بکەن و دوو ئەندامی هێزەکانی دیفاع وەتەنی بکوژن و دەست بەسەر چەکەکانیاندا بگرن و پێش ئەوەی بارەگاکەیان بسوتێنن و هەڵبێن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هێرشەش سێهەمین هێرشە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، “سەرەڕای کۆکردنەوە و بەهێزکردنی هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکانی لایەنگرەکانی ئێران، کە ماوەی دوو رۆژە لە بیابانەکانی سووریا ئامادەن”.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان