فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل باشووری سووریا بۆردوومان دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانیان هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر “ژێرخانی تیرۆریستی لە سووریا” ئەنجامداوە.

سەرچاوە ناوخۆییەکان لە دەرعا لە باشووری سووریا بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کە هێرشێکی ئاسمانی “لیوای 112″ی حکومەتی سووریای لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا لە نزیکەی کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا کردووەتە ئامانج.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە، تۆپ و فڕۆکەکانی ئیسرائیل پێگەکانی سوریایان کردۆتە ئامانج و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت وەڵامی هێرشەکانی “حەماس” و میلیشیا ئێرانییەکانیان داوەتەوە، حکومەتی سووریاش تۆمەتبار دەکات بەوەی بەرەیەکی دیکەی لەدژیان کردۆتەوە.

بەپێی راگەێنراوی سوپای ئیسرائیل، دوێنێ شەممەش، تۆپخانەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا، بە هەمان هۆکار کردە ئامانج.،

ماڵپەڕی “تایم ئۆف ئیسرائیل” لە زاری سووپای وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، بۆردومانە ئاسمانییەکە لە کاردانەوەی هەڵدانی مووشەکی چەند کاتژمێرێک پێشتردا هاتووە، لە ناو خاکی سووریاوە بەرەو بەرزاییەکانی جۆلان، بەڵام وردەکارییەکانی ناوچە بەئامانجکراوەکانی نەخستووەتەڕوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی