ههولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە د. لەتیف رەشید، سهرۆك كۆماری عێراق لهگهڵ بهشار ئهسهد، سهرۆكی سوریا كۆبۆوه.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار ئهمڕۆ شهممه لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ریازی سعودیه، چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا کەوت، پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و چۆنییەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشهاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و شهڕی ئیسڕائیل و فهلهستین تاوتوێ کران.
سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردەوە لەسەر پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان عیراق و سوریا و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاری لە هەمو بوارەکاندا بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردو گەل بکات، هەروەها گرنگی بەردەوامبونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دوپاتکردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سهرۆككۆماری عێراق ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگی و راوێژکرد سەبارەت بە پرسەکانی جێی بایەخی هەردولا لەپێناو پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هاوکات هەڵوێستی عێراقی لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین، کە قودس پایتەختەکەی بێت، دوپاتکردەوە.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، هەروەها سەرۆکكۆماری عێراق بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەزە، کە خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیشیانکردەوە لە پێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل و دڵنیابون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان.
هەروەها سەرۆککۆماری سوریا هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەیکرد بە ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا، ستایشی هەڵوێستەکانی عیراقیشی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە گەلی سوریا.