“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”: هیرشەکانمان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوینێ پێنجشەممە، سەرکردەی یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە بەشێکە لە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” و لە لایەن ئێرانەوە هان دەدرێن و پاڵپشتی دەکرێن بۆ بەئامانج کردنی پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەبو ئەلا ئەلوەلائی رایگەیاند: “تا راگرتنی هێرشەکانی زایۆنیستەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، ئۆپەراسیۆنەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راناگیرێت”.
ئەبو ئەلا ئەلوەلائی لە پۆستێکدا لە تۆڕی جڤاکی X نووسیویەتی: “تا ئەوکاتەی زایۆنییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، ئۆپەراسیۆنەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راناگیرێت، ئاگربەست بۆ داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق ناکەین، تەنها بە بوونی ئاگربەستێکی راستەقینە و پابەندکەر نەبێت لە لایەن دوژمنەوە لە دژی گەلەکەمان لە غەززە”.
سەرکردەی میلیشیاکە هەڕەشە دەکات و دەڵێ: “رێگە بە هیچ چوونە دەرەوەیەکی پارێزراو بۆ داگیرکەرانی عێراق نادرێت، جگە بە هاتنە ناوەوەی پارێزراو و بەردەوامی کاروانە مرۆیی و فریاگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە”.
لە ماوەکانی پێشوودا و پاش دەستپێکردنی گرژییەکانی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، چەندین جار لە لایەن ئەو گروپەوە، کە خۆی بە “مقاوەمەی ئیسلامی” داناسێنێت، هێرش کراوەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق.
دوێنێش کۆگای سووتەمەنی فڕۆکەخانەی هەریر، لە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و کۆگاکە سوتێنرا و ئاگرەکەی تا چوار کاتژمێر بەردەوام بوو، دواتر هەمان گروپ بەرپرسیارێتی خۆی لێ راگەیاند و گوتیان بە دوو درۆن فڕۆکەخانەکەیان کردووەتە ئامانج.
دژە تیرۆری کوردستان، پاش هیرشەکە بڵاوی کردەوە کە لە کاتژمێر 7:15ی ئێوارە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر فرۆکەخانەی هەریر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگای سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە.
لە بڵاوکراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا ئەوەش خرایەڕوو کە فڕۆکەخانەکە “ێشووتر وەک بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چوڵکراوە”.
هەر بەپێی زانیاریەکانی دژە تیرۆری کوردستان شەوی رابردوو، کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 00:40 لە رێگای دوو درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر هەمان فڕۆکەخانە، بەڵام هیچ زانێکی گیانی و ماڵی نەبووە.
هێرشەکەی “مقاوەمەی ئیسلامی” بۆ سەر هەولێر هاوکات بوو لەگەڵ سەردانێکی لەناکاوی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان.