ئیسرائیل بە 32 هەزار تۆن تەقەمەنی و 13 هەزار بۆمب بۆردومانی غەززەی کردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ (هەینی) فەرمانگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل بە نزیکەی 32 هەزار تۆن تەقەمەنی و زیاتر لە 13 هەزار بۆمب بۆردومانی کەرتی غەززەی کردووە، واتە بە تێکڕا 87 تۆن تەقەمەنی لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا بەکار هاتووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، زیاتر لە 50%ی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە بەهۆی هێرش و بۆردومانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات 40 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی روخاوون.

لە درێژەی راگەێنراوەکەدا هاتووە، کە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بە زیانێکی دوو ملیار دۆلاری دەکەن، بە کۆی زیانەکانی باڵەخانە و تاوەرەکانی نیشتەجێبوونیشەوە، لە کاتێکدا ژێرخانی ئابووری نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

فەلەستینییەکان بەردەوام بوون لە هەڵاتنیان لە کەرتی وێرانکراوی باکووری غەززە بەرەو باشوور، دوێنێ پێنجشەممەش، بە دەیان هەزار کەس بە پێ بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لە بۆردومان و شەڕە توندوتیژەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس رزگاریان بێت، لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و قەتەر لە دەوحە بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی مرۆیی.

دوای زیاتر لە مانگێک لە بۆردومانە توندوتیژ و بەردەوامەکانی ئیسرائیل، لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماسدا، لە 7ی تشرینی یەکەمدا، بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستاش سەدان هەزار هاوڵاتی سڤیل لە دۆخێکی مرۆیی کارەساتباردا لە باکووری کەرتی غەززە گیریان خواردووە.

لە یەکەم رۆژی هێرشی بزووتنەوەی حەماسدا لانیکەم 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، نزیکەی 240 کەس بە ئیسرائیلی و بیانیەوە رفێنراون و گواسترانەتەوە بۆ کەرتی غەززە.

لە لایەنی فەلەستینیشەوە، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حەماس، 10 هەزار و 812 کەس کوژراون کە چوار هەزار و 412 کەسیان منداڵ بوون.