تورکیا ناوەندێکی گەنجانی لە ناوەڕاستی مەنبیج بۆردوومان کرد و 8 هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی تەقینەوەیەک کە ناوەندێکی سڤیلی لە ناوەڕاستی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری مەنبیج لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج، 8 کەس بریندار بوون.

شاری مەنبیج و شارەکانی دیکەی رۆژئاڤا، رووبەڕووی بۆردومانی بەردەوامی تورکیا دەبنەوە کە ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان و گوندەکان و ناوچەکانی دانیشتووەکان دەکاتە ئامانج، ئەم بۆردومانانەش زۆرجار دەبنە هۆی زیانی گیانی و ماڵی هاووڵاتیانی.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی ناوەندێکی گەنجان لە مەنبیج لە نزیک یاریگای شارەوانی، 8 کەس برینداربوون”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو کەسانەی برینداربوون لە شوێنی هێرشەکە ئامادەبوون، کە برینەکانیان سووک بووە، جگە لەوەش بۆردومانەکە زیانی ماڵی بە شوێنەکە گەیاندووە”.

لەمبارەشەوە ئەنجوومەنی سەربازی مەنبیج لە رووپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی جڤاکی فەیسبووک راگەێنراوێکی بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە: “تەقینەوەیەک ناوەندی گەنجانی لە ناوەڕاستی شاری مەنبیج کردە ئامانج و زیانی ماڵیی و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیلی لێکەوتەوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن”.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحوسێن – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی