پاڵێوراوێکی سەرۆکایەتی ئەمریکا: دەبێ سەری مارەکە ببڕین کە ئێرانە.. نەک بۆردوومانکردنی سووریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

تیم سکۆت، کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا داوای دەستپێکردن بە بۆردومانکردنی ئێرانی کرد، لەپێناو ئەوەی کە ناوی لێنا “جیاوازی دروستکردن”، هەروەها گوتیشی پێویستە “سەری مارەکە” ببڕین و بەردەوام نەبین لە بۆردومانکردنی سووریا.

ئەمەش لە دیبەیتێکدا هات، کە کەناڵی NBC پەخشی کرد و تیایدا سکۆت گوتی “ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکاری دروست بکەین، دەبێت لە ئێران بدەین”.

چوارشەممەی رابردوو، ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆگایەکی چەکی لە سووریا کردە ئامانج، کە بە گوتەی خۆیان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە، لە کاتێکدا کە دەوترێت “لە وەڵامی هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە ئێراندا بووە، بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە”.

پنتاگۆن رایگەیاند کە لە 26ی تشرینی یەکەمدا، هێرشیان کردووەتە سەر دوو دامەزراوە لە رۆژهەڵاتی سووریا، کە دەگوترا سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپانەی پشتیوانیان لێدەکەن، کەڵکی لێوەردەگرن، ئەمەش “لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان لە هەریەک لە عێراق و سووریا”.

سکۆت رایگەیاند: “ناتوانین بەردەوام بین لە هێرشکردنە سەر کۆگاکان لە سووریا، راستییەکە ئەوەیە کە دەبێت سەری مارەکە ببڕین، سەری مارەکەش ئێرانە نەک بریکارەکانی”.

گوتیشی: “بەڕاستی وەڵامێکی بەهێزی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم شێوەیە دەردەکەوێت، سیاسەتی دەرەوەی من سادەیە: دانوستان لەگەڵ خراپەکار ناکرێت، بەڵکوو دەبێت لەناوببرێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی