هەواڵگری عێراق 11 ئەندامی “داعش” لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، کە 11 تیرۆریستی ئەندامی “داعش” لە پارێزگای نەینەوا، کەوتنە بۆسەیەکی توندی مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگری تایبەتمەندەوە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

راشیانگەیاند، کە مەفرەزەکانی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نەینەوا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن و چالاکەکانیان، لە بەدواداچوونی پاشماوەکانی باندە تیرۆریستییەکانی داعش، دەشڵێن، “مەفرەزەکانمان زانیاری دروستیان پێگەیشتووە لە بوونی 11 کەسی داواکراو بەپێی بڕگەکانی مادەی چواری یاسای دژە تیرۆر لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا”.

بە گوێرەی راگەێنراوی بەڕێوبەرێتیەکە، کە لە تۆڕی جڤاکی فەیسبووک بڵاویانکردەوە، “دەستبەجێ تیمێکی هەواڵگری بۆ بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری پێکهێنراوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر، مەفرەزەکان ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتییان ئەنجامداوە، بۆ هەڵکوتانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان و ئۆپەراسیۆنەکەش بووە هۆی دەستگیرکردنی 11 تیرۆریست”.

هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکە، پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، دانیان بە ئەندامبوونیاندا ناوە لە باندە تیرۆریستییەکانی “داعش”دا، دانیان بەوەشدا ناوە کە لە بەرامبەر بەئەندامبوونیان بڕە پارەیەک وەردەگرن، لێدوانەکانیان تۆمارکراوە و رەوانەی دەزگای دادوەری کرا بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان.