دوای راگرتنی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب، ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی ته‌دمور

قامشلۆ – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی فەرمی لە هێزەکانی حکومەتی سوریا ئه‌مڕۆ پێنجشەممە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی سەربازیی شاری دێرینی ته‌دمور، ‌دوای ئه‌وه‌ی لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی 2021 رادەستی هێزەکانی ڤاگنەری ڕووسیا کرابوو.

مانگی ڕابردوو هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل كاری فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشقی ڕاگرت، بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئەمە ڕێگر بوو لە بەردەوامبوونی نیشتنەوەی فڕۆکه‌كانی ئێران بۆ دابینکردنی هێزی سەربازی لە شارەکانی سوریا.

لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2018 هێزەکانی حکومەتی سوریا و ئێران لە ڕووی سەربازییەوە سودیان له‌ فڕۆکەخانەی ته‌دمور وه‌رده‌گرت وەک بنکەیەکی دابینکردن بەرەو پێگه‌ی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە بوكه‌مال و دەوروبەری دێرەزوور.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی “ڤاگنەر”ی ڕووسی، ڕێگەیان بە هێزی ئاسمانی ئێران داوە کە فڕۆکەخانەکە بەکاربهێنێن بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە بوونی هێزەکانی “ڤاگنەر”دا بكرێت، کە کارەکانیان بریتییه‌ له‌ پاراستنی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ڕووسیا بۆ کێڵگە غازییەکانی جەزال و شاعیر و دەرهێنانی کانزای فۆسفات لە کانەکان، لە ساڵی 2018 ه‌وه‌ بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لە گەیشتنی پێداویستی هێزەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ته‌دمور كردووه‌ته‌وه‌ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی ڕێگای ئەسریا- ڕەققە بۆ ئەو کۆگایانەی کە هێزەکانی ئێران به‌كاریان ده‌هێنن.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌مه‌د قازی