پێگەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ بە ئامانج دەکرێن.. حەماسیش دەڵێ “بەردەوام بن”!
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بە ئامانجگرتنی سەربازگەی هەریریان لە باکووری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق راگەیاند، هاوکات گروپی حوسییەکانیش رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییان لە یەمەن خستووەتە خوارەوە، سەرکردەیەکی باڵای حەماسیش بانگەشەی هاندان بۆ هێرشی زیاتر دەکات و دەڵێ “بەردەوام بن”.
بە هێرشەکەی هەولێرەوە، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەززە، نزیکەی 40 هێرش لەلایەن میلیشیا لایەنگرەکانی ئێرانەوە بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی و نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق ئەنجامدراون.
نیوەشەوی شەوی رابردوو، میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵی بیستنی تەقینەوەیەکی بەهێزیان لە نزیک ئەو سەربازگەیەی کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە بڵاوکردەوە، کە هێزەکانی سوپای ئەمریکای تێدا جێگیرکراون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، دەزگای دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، نیوەشەوی دوێنێ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لە بۆردوومانەکان نەکەوتووەتەوە.
ناسێنەرە ئەلیکترۆنییەکانی گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی” رایانگەیاندووە کە لە نیوەشەوی رابردوو، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی هەریریان کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، حەماس ستایشی هێرشەکانی سووریا و عێراقی کردووە، هەروەها ستایشی راگەیاندنەکەی گروپی حوسییەکانیان کرد، بۆ بەشداریکردنیان لە کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، گرووپی حوسییەکان رایانگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییان خستۆتە خوارەوە.
جگە لەوەش ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە کەناراوەکانی یەمەن خراوەتە خوارەوە.
میدیاکانی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس بڵاویانکردەوە، ساڵح ئەلعروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، رایگەیاندووە، “مقاوەمەی ئیسلامی” بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەکاتە ئامانج، ئێمەش زیاتر هانیان دەدەین بۆ لێدانی قەوارەی زایۆنی لە هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی بێت و پێیان دەڵێین: بەردەوام بن”.
ئەو میدیایانەی سەر بە حەماس گوتیشیان: “بەداخەوە وڵاتانی عەرەبی وا هەن، کە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مووشەکانەی یەمەن دەکەن، کە لە یەمەنەوە بۆ لێدانی قەوارەی زایۆنیستی هەڵدەدرێن”.
ژمارەیەک گروپ لەژێر ناوی جیاوازدا کە هەموویان بەشێکن لە “مقاوەمەی ئیسلامی” لە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان، بەگوتەی پێنتاگۆن لەلایەن ئێرانەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، بەشداریی ئەو ململانێ و شەڕە دەکەن کە نزیکەی پێنج هەفتەیە لە غەززە بەردەوامە.
هێرشە نوێیەکەی سەر بنکەی هەریر لە هەولێر و خستنەخوارەوەی درۆنەکە لە یەمەن، هاوکاتن لەگەڵ راگەیاندنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازی ئێران لە رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن پنتاگۆنەوە.