سووپای ئەمریکا بۆردوومانی دامەزراوەکانی ئێران دەکات لە سووریا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سووپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئێرانی لە سووریا راگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی سەر پێگەکانی لە سووریا و عێراق.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکە لەسەر بنەمای رێنماییەکانی سەرۆک جۆ بایدن بووە، هەروەها دامەزراوەیەکی لە رۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج کە “لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەکانی سەربەوانەوە بەکاردەهێنرێت”.

وەزارەتی بەرگری له راگەێنراوێکدا دەڵێ، ئەو هێرشە وەک بەرگری لەخۆکردنە و وەڵامێکە بۆ زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە لایەن گروپەکانی سەر بە سوپای قودس و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

سەرچاوەیەکی  سەربازی له هێزەکانی حکومەت له دێرەزوور رایگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە دوو هێرشی ئاسمانی، کۆگای تەقەمەنی و چەکداریی سوپای پاسدارانی ئێرانیان له نزیک شەقامی پوورسەعید له گەڕەکی ئەلعومال کردووەته ئامانج، هەروەها کۆگایەکی چەکێکیشیان لە چواردەووری گەڕەکی هرابێش لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج.

سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەکە بە هێرشێکی ئاسمانی دیکە، باڵەخانەی ئەفسەرانی کردووەتە ئامانج، کە ئێرانییەکان وەک بارەگایەکی خۆیان لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنی کتێبی قوتابخانەکان لە ناوەندی دێرەزوور بەکاریدەهێنن.

دووپاتیشی کردەوە، کە فڕۆکەکە دوو بنکەی پاسەوانی لیوای قودسی سەر بە ئێرانی لە نزیک نانەواخانەی ئۆتۆماتیکی دێرەزوور کردووەتە ئامانج، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سەر بە پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج لەکاتی جێهێشتنی شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی پوورسەعید.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەڵمەتەکان هەشت کوژراوی لێکەوتووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیانی ماڵیی بەرچاوی هەبووە.

وێڕای هۆشداریدان لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، پنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند، سەربازانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق.

ئەمە دووەم هێرشە کە واشنتۆن لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەوە لە غەززە لە دژی پێگە ئێرانییەکان ئەنجامی دەدات و لە وەڵامی بە ئامانج کردنی پێگەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێزەکانی بەرگری ئەمریکا لە 28ی تشرینی یەکەمدا، هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا راگەیاند.

پنتاگۆن ئاماژەی بەوەدا کە بایدن فەرمانی ئەو هێرشانەی کردووە، بۆ ئەوەی روونبێتەوە کە ئەمریکا بەرگری لە خۆی و گەلەکەی و بەرژەوەندییەکانی دەکات.

بە گووتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەم هێرشە لە لایەن دوو فڕۆکەی F-15ەوە بۆ سەر کۆگایەکی چەک ئەنجامدراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر