“بەرەی نوسرە” دوو سەرکردەی رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، دەزگای “ئەمن عام”ی سەر بە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دوو سەرکردەی پێشووی خۆی، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان، رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد.
بەرپرسێکی ئەمنی لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا، لە باکووری ئیدلب، بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاندووە، دەزگای “ئەمن عام” نزیک کاتژمێر 11ی شەوی دوێنێ، “ئەبو وەقاس فەللوجە”، هاووڵاتی عێراقی و “ئەبو ئەلقاسم” کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانییە، رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کراونەتەوە، لە فەرمانگەی ئەمنی ئەو وڵاتە لە دەروازەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دووەمین رادەستکردنەوەیە لە ماوەی ئەم مانگەدا، بە سەرپەرشتی بەرپرسی ئەمنی یەکەم لە ئیدلب، “ئەلموغەیەرە لبەداوی”، زاوای سەرۆکی گروپەکە، “ئەبو محەمەد جۆلانی” ئەنجام بدرێت.
جگە لەوەش دوو کارمەندی دیکەی ئەمنیان، نزیکەی ساڵێک دوای دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ هەواڵگریە نێودەوڵەتییەکان رادەستی تورکیا کردووەتەوە.
چوارشەممەی رابردوو، دەروازەی باب ئەلهەوا لە بەری تورکیاوە، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی تێدا بەڕێوەچوو، کە بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا و دەستەی تەحریر شامی کۆکردوەوە، تیایدا هەردوولا تاوتوێی چەند دۆسیەیەکیان کرد، لەوانە دۆسیەی دەستگیرکراوانی بیانی لە زیندانەکانی تورکیا.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم رادەستکردنەوانە دەچنە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی نێوان تەحریرشام و حکومەتی تورکیاوە لەمە و لە دۆسیە ئەمنییەکانی دیکەدا.