ئیسرائیل دیمەشق و سوەیدا دەکاتە ئامانج
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی سەربازیی حکومەتی سووریا رایگەیاند، بۆردومانێکی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی لە نزیک دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی باشووری سووریا کردە ئامانج.
ئەو سەرچاوە سەربازییە بە ئاژانسی فەرمی سانای راگەیاندووە، “نزیکەی کاتژمێر 10 و 50 خولەکی شەو، دوژمنی ئیسرائیل لە ئاراستەی بەعلبەگەوە لە لوبنان هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و هەندێک خاڵی سەربازیی لە ناوچەی باشوور کردووەتە ئامانج”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە زیانی ماڵی لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی سەر بە حیزبوڵای لوبنان، لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، سێ ئەندامی “سەر بە ئێران” کوژراون.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، بۆردومانەکە “کێڵگە و شوێنەکانی دیکەی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی لە نزیک عەقرەبە و سەیدە زەینەب” کردووەتە ئامانج.
ئاژانسە فەڕەنسییەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە سوورییەکان بڵاویکردەوە، “عەقرەبا فڕۆکەخانەیەکی سەربازی تێدایە، کە زیاتر لە 10 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە دوورە”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئیسرائیل پێگەکانی بەرگری ئاسمانی سوریاشی لە سوەیدا لە باشووری ئەو وڵاتە بۆردومانکردووە.