10 هەزار پێگەی شوینەواریی لە رۆژئاوای کوردستان روبەڕووی تێکدان و وێرانکاریی بوونەتەوە
رەققە – نۆرس پرێس
دوینێ سێشەممە، بەرپرسێکی رۆشنبیری له ئەنجومەنی مەدەنی رەققە رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی 2011ەوە نزیکەی 10 هەزار شوێنەوار له رۆژئاوای کوردستان روبەڕووی تێکدان و وێرانکاریی بوونەتەوە.
لێدوانی ئەو بەرپرسە لە پەراوێزی کۆنفرانسێکدا هات، کە زانکۆی ئەلشەرق لە شاری رەققە بەڕێوەی دەبرد، بۆ پاراستنی کەلەپووری بەرجەستە و نابەرجەستە، لە گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر پاراستنی کەلەپوور و شوێنەوار، ئەو تێکدانانەی کە کاریگەرییان لەسەر شوێنەوارەکان هەبووە، هەروەها تاڵانکردنی پاشماوە و کەلوپەلی کۆن.
حەسەن مستەفا، هاوسەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و شوێنەوار لە ئەنجوومەنی مەدەنی رەققە رایگەیاند، ئەو گروپە چەکدارانەی ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردبوو، شوێنەوارەکانیان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی داهات بەکارهێناوە و ئەمەش ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” پێی هەستاوە، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا.
مستەفا لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی هەزار پێگەی شوێنەواریی بە تایبەتی لە شاری رەققە هەیە، کە زۆربەیان لەلایەن خەڵکانی “دەروون نەخۆش” و بازرگانانی کەلوپەلی دێرین و ئەو کەسانەی کە سوودیان لە نەبوونی ئاسایش و دەسەڵاتە فەرمییەکانی پەیوەندیدار بەم بوارەوە بینیوە، بە نایاسایی هەڵکەنراون و بەقاچاخ براونەتە دەرەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەکە زۆرێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی لەدەست بدات.
ئەو بەرپرسەی شوێنەوار ئاماژەی بەوەدا کە لیژنەی ڕۆشنبیری و شوێنەوار لە پرۆسەی پەرەپێدانی یاسا و سیستەمی یاساییدایە بۆ سنووردارکردنی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها بۆ پاراستنی کەلەپوور و شوینەوارەکان.
سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارانەی کە تێکدرابوون، مستەفا ئاماژەی بەوەدا، ناتوانرێت پشت بە شارەزایی ناوخۆیی ببەسترێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە شارەزا ناوخۆییەکان و کرێکارانی ئەم بوارە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆیە پێویستە داوای هاوکاری لە پسپۆڕانی ئەم بوارە بکرێت لە وڵاتانی دراوسێوە، جگە لە داواکردنی یارمەتی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانی ئەم بوارە.