خێزانە عێراقییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ جێهێشتنی کامپی هۆل
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئاگادارییەکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنەوەی گروپێکی نوێی خێزانە عێراقییەکان کە کامپی هۆل بەجێدەهێڵن و ژمارەیان لەنێوان 150-180 خێزاندایە.
عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانەکان بەبێ وەستان بەردەوامە، بەو پێیەی ئەمە بڕیارێکی حکومەتی عێراقە، بەڵام “بە گوتەی ئەو” هەندێک وەستانی کاتی بەهۆی بابەتی لۆجستییەوە روودەدات.
لە کاتێکدا ژمارەی دیاریکراوە ئەو گروپەی ئاشکرا نەکردووە کە خۆیان بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکەن، گوتەبێژەکە گوتی: پێموایە ژمارەکە سنووردارە لە نێوان 150-180 خێزاندا.
دوێنێ سێشەممە، میدیا ناوخۆییەکان لە زاری شیروان دوبرانی، پەرلەمانتاری عێراقەوە بڵاویانکردەوە، کە بەڕێوبەریی کامپی هۆل بەنیازە زیاتر لە 100 خێزانی عێراقی، لە چوارچێوەی گروپی دوانزەهەمدا بگوازێتەوە بۆ کامپی ئەلجەدعە لە باکووری عێراق، دوای تەواوکردنی رێکارەکان لە لایەنی عێراقییەوە.
کامپی هۆل نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدایە، لە نێویاندا 2423یان خێزانی ئەندامانی داعشن و لە نزیکەی 60 وڵاتی جیای جیهانەوە هاتوون.
سەرچاوەیەک لە کامپی هۆل لە گوندەواری حەسەکە لە رۆژئاڤا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەستیان بە ئامادەکاریی بۆ گەشتی عێراقییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دوورگەڕاندنەوەیان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو خێزانانەی کامپەکە چۆڵ دەکەن زیاتر لە 100 خێزانە، ئاماژەی بەوەشدا کە هەفتەی داهاتوو گەشتەکە دەستپێدەکات.
بە گوتەی جیهانگیر، بەم گروپە نوێیەوە، کۆی گشتی گەڕێنراوەکان بۆ عێراق دەگاتە 6500، بە 11 بڕ لە کامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە، کە زیاتر لە دوو ساڵە حکومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی لە کامپەکەوە دەرکردووە.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر| روبین عومەر