بە ئامادەبوونی سووریا.. کۆبوونەوەی وەزیرانی عەرەبی وەک ئامادەکاریی بۆ لوتکەی عەرەبی بەرێووەدەچێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

سبەی پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوە و کۆچبەران لە حکومەتی سووریا، کۆبوونەوەی ئامادەکاریی وەزیرانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ لوتکەی بەپەلەی عەرەبی، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە سعودییە دەست پێبکات.

دوێنێ سێشەممە، شانشینی سعودییە، بەهۆی رووداوەکانی غەززەوە، دواخستنی لوتکەی عەرەبی و ئەفریقی راگەیاند، کە بڕیاربوو لە 11ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، بڕیار بوو ئێوارەی دوێنێ سێشەممە میقداد بگاتە ریازی پایتەختی سعودییە، کە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی وەزارەتەکە دەکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی، وەک ئامادەکاری بۆ لوتکەی بەپەلەی عەرەبی، کە شەممەی داهاتوو دەستپێدەکات.

مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کە لە قاهیرە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا سووریا بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی.

رۆژێک دوای کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی، سعودییە رۆژی یەکشەممە میوانداری لوتکەیەکی نائاسایی ئیسلامی دەکات بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین.

بڕیارە لە لوتکەکانی بەپەلەی عەرەبی و نائاسایی ئیسلامی لە ریاز تیشک بخرێتە سەر رووداوە بەردەوامەکانی غەززە، ئەمەش لەلایەن جەمال روشدی، گوتەبێژی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبیەوە پشتڕاستکرایەوە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئەحمەد ئەبولغەیس، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، دۆخی کەرتی غەززەی بە کارەساتبار وەسف کرد.

جەختیشی لەوە کردەوە، بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەها گەردوونییەکان دەخاتە مەترسییەوە لە ژێر رۆشنایی “پێشێلکردنی مافەکانی فەلەستینییەکان لە غەززە لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە، لە پێش هەمووشیانەوە مافی باڵای ژیان”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی