سووريا زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم لە رووسیا دەکڕێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، محەمەد حەسەن قەتنا، وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی سووریا رایگەیاند، حکومەتی سووریا گرێبەستێکی کردووە بۆ کڕینی 1.4 ملیۆن تۆن گەنم لە رووسیا.

لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵ لە حکومەتی سووریا رایگەیاند، بڕی بەرهەمی گەنم، تا دوا ساتەکانی وەرگرتنەوەی، گەیشتە 770 هەزار تۆن بۆ دامەزراوەکانی چەسپاندنی دانەوێڵە و تۆو.

وەزیری کشتوکاڵ بە ئاژانسی نۆڤۆستی راگەیاندووە، “سووریا گرێبەستێکی لەگەڵ رووسیا کردووە، بۆ کڕینی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار تۆن گەنم بۆ کۆمەڵەی دانەوێڵەی سووریا، ئەو  بڕەش بەشی بەرهەمهێنان تەواوی ساڵەکە دەکات.”

پێش دەستپێکردنی جەنگ لە سووریا، ساڵانە نزیکەی 4 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهات، کە بەکارهێنانی ناوخۆیی پڕدەکردەوە و زیادەکەشی هەناردەی وڵاتانی دراوسێی دەکرد.

مانگی حوزەیرانی رابردوو، وەزیری کشتوکاڵی سووریا رایگەیاند، “لە ساڵی 2023دا، وڵاتەکە نیوەی ئەو بڕە گەنمە هاوردە دەکات، کە ساڵی رابردوو هاوردە کراوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی پێشبینیکراوی بەرهەمی ناوخۆییەوە”.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی هاوردەکردن بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، هەروەها بڕێکی زۆر گەنمیش لە ئێستاوە گەیشتووەتە بەندەرەکانی سووریا، ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا هەوڵدەدەین ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات فراوانتر بکەین.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی