نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکانی سەر هاوپەیمانان پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق
هەولێر – نۆرس پرێس
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ یەکێتی هەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش.

لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، ئەم هێرشانەی کە دەکرێت پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. گوتیشی: سەرۆکوەزیرانی عێراق نابێت بهێڵێت ئەم هێزانەی کە لە دەرەوەی یاسان کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن، هەروەها بەردەوامبوونی ئەو جۆرە کارانە نە یارمەتی عێراق دەدات، نە دروستیشە ئەنجامبدرێت و لە بەرژەوندی هیچ لایەکدا نییە.
لەدوای جەنگی ئیسرائیل و حەماس کە لە 7ـی مانگی رابردوو دەستیپێکرد، گرووپە چەکدارەکان هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەنە ئامانج، شەوی رابردووش بە درۆن هێرشکرایە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر.