عەفرینی داگیرکراو.. میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بەرهەمی زەیتوونی هاوڵاتیانی عەفرین بۆ خۆیان دروێنە دەکات
عەفرین – نۆرس پرێس
بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک میلیشیای “فەیلەق ئەلشام”ی سەر بە لە “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا، دەستیان کرد بە دروێنەکردنی بەرهەمەکانی هەزاران درەختی زەیتوونی هاوڵاتیانی باشووری عەفرینی داگیرکراو، کە لە پاش لەشکرکێشیەکەی تورکیاوە دەستیان بەسەر زەیتوونی هەرێمەکەدا گرتووە.
ناوچەکانی عەفرین لە دوای لەشکرکێشیەکەی ساڵی 2018ەوە تا ئەمڕۆ، رۆژانە دەستدرێژی بۆ سەر دانیشتووان و موڵک و ماڵیان بەخۆوە دەبینێت، کە لەلایەن میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، بەو پێیەی بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردن لە نۆرس پرێس لە سەرەتای ئەمساڵەوە 16 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەکانی درەختی زەیتوونی تۆمار کردووە، هەروەک میلیشیاکان دەستیان بەسەر 3450 دارەختی زەیتووندا گرتووە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی “ماباتا و راجو” بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە “فەیلەق ئەلشام”ەوە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو میلیشیایە کە یەکێکە لە گەورەترین پێکهاتەکانی “جەیش وەتەنی”، چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستیان کردووە بە دروێنەکردنی بەرهەمی زەیتوونی زیاتر لە پێنج هەزار درەخت لە زەویەکانی گوند و شارۆچکەکانی جەلمە و ئیسکان و تل سلور لە باشووری عەفرین.
ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاکە بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک ئەو زەویانە دروێنە دەکات، کە بە بیانووی ئەوەی خاوەنەکانیان لە دەرەوەی هەرێمەکەن دەستیان بەسەردا گرتووە، هەروەها رەتیکردەوە کە بەشێکیان گەڕاندبێتەوە بۆ ئەو کەسانەی، کە دوای داگیرکردنی ناوچەکە گەڕاونەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو میلیشیایە بەزۆریی وەک سەرچاوەی داهات پشت بە وەرزی زەیتوون دەبەستێت، کە قازانجێکی زۆری تێدایە، بەتایبەتی کە ساڵانە زەیتی زەیتوون هەناردەی تورکیا دەکات.