دەستەی تەندروستی بەڕێوبەریی خۆسەریی یاداشتێکی لێکتێگەشتن لەگەڵ زانکۆکانی رۆژئاڤا واژۆ دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دەستەی تەندروستی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرد.

دوێنێ دووشەممە، ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوبەریی خۆسەریی بڵاویکردەوە، کە دەستەی تەندروستیی سەر بە بەڕێوبەریی خۆسەریی “بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدانی پەروەردە لە بوارەکانی پزیشکی و تەندروستی بە هەردوو بواری تیۆری و پراکتیکییەوە لە ئاستە جیاجیاکاندا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرد”.

لە رۆژئاوای کوردستان سێ زانکۆی سەرەکی هەن، ئەوانیش زانکۆکانی (رۆژئاڤا، کۆبانێ و ئەلشەرق)، کە لە هەر سێ شارە سەرەکییەکانی قامشلۆ و کۆبانێ و رەققەی رۆژائاوای کوردستاندا هەڵکەوتوون.

زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان وەک دەزگای سەربەخۆ کار دەکەن و لە بڕیارەکانیاندا سەربەخۆیی تەواویان هەیە بە بێ بوونی هیچ جۆرە دەستێوەردانێک.