هەفتەی داهاتوو سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سعودییە دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سعودییە بکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی “رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی” تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆخی فەلەستین و غەززە.
ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ریازی پایتەختی سعودییە دەکات.
راشیانگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی لە ریاز بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەرکردەکانی “رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی” سەبارەت بە دۆخی فەلەستین و غەززە دەکات، کە کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی سعودییە بەڕێوەدەچێت.
پاش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودییە، ئەمە یەکەم سەردانە کە سەرۆککۆماری ئێران بۆ سعودییە ئەنجامی بدات.
“رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی” لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، “لەسەر داوای سعودییە، کە سەرۆکایەتیی ئەم خولەی کۆبوونەوەکە دەکات، کۆبوونەوەی نائاسایی سەبارەت بە فەلەستین لە رۆژی یەکشەممە، لە شاری ریاز بەڕێوەدەچێت”.
دواین کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوە، کە تیایدا 57 وڵاتی ئیسلامی ئەندامن، 10 رۆژ دوای هەڵگیرسانەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل بوو، کە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەبارەی دۆخی فەلەستین و غەززەوە ساز کردبوو.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، سبەی چوارشەممە، گەشتێک بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەراست دەستپێدەکات و سەردانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان دەکات.