پنتاگۆن: لە هێرشەکانی سووریا و عێراقدا 45 سەربازی ئەمریکی برینداربوون
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە لانیکەم 45 سەربازیان لە سووریا و عێراق لە هێرشی تاقمی “مقاوەمەی ئیسلامی”دا بریندار بوون.
ئێوارەی دوێنێ، ژەنەڕاڵ پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە خزمەتگوزارییەکان لە سووریا و عێراق گەیشتووەتە 38 هێرش.
ئەو بەرپرسه ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق 20 جار هێرشیان کراوەتە سەر، هاوکات له سووریاش 18هێرش کراونەتە سەر بنکەکانیان.
سەبارەت بە سروشتی بریندارەکان ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە برینەکان بەهۆی دەنگەوە بووە، هەندێکی تریش برینی سووکن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە پێویستی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان ئاگادارکردەوە و هۆشداریشیدا لە فراوانکردنی ململانێکان.
لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”، رایگەیاند کە بە شەش هێرش چوار بنکەی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
ئەو گرووپە کە (بە گوتەی پنتاگۆن) دڵسۆزی ئێرانە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بە سێ هێرش، بنکەی “عەین ئەسەد”یان لە رۆژئاوای عێراق کردووەتە ئامانج، هەروەها “بنکەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر”یان لە هەرێمی کوردستان، کردووەتە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوو هێرشیان کردووەتە سەر هەریەک لە بنکەکانی “تل ئەلبەیدەر” لە باکوور و”تەنەف” لە باشووری سووریا.
گروپە ئیسلامییەکە بۆ یەکەمجار بەکارهێنانی مووشەکێکی نوێیان راگەیاند، لە هێرشێکیاندا بۆ سەرپێگەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق لەژێر ناوی “ئەلئەقسا 1” بە مەودای مامناوەند.
پنتاگۆن گرووپە دڵسۆزەکانی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە (مقاوەمەی ئیسلامی) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە کاتێکدا تاران ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەوان لە بڕیارداندا سەربەخۆن. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر