جیا لە ئاڵۆزییەکانى غەززە، بلینكن لە تورکیا گفتوگۆی لهبارهی چهند پرسێكی تایبهت بە رێکخراوى ناتۆ كردووه
وەزیرى دەروەى ئەمریکا ئەنتۆنى بلینکن دوای گەیشتە ئەنقەرى پایەتەختى تورکیا و چاوى بە هاوتا تورکیەکەى هاکان فیدان کەوت. بەپێى کارنامەى سەردانەکەى باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و شەرى حهماس و ئیسرائیل و کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە رێكخراوى ناتۆی كردووه.
تورکیا دوا وێستگەى سەردانەکەى ئەنتۆ بلینكن بوو بۆ رۆژهەڵاتى ناوەراست، بڕیاریشە دواتر سهردانی تۆکیۆ و سیۆل و نیودهلهى بكات.
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە سەردانەکەى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەراست، سەرەتا سەردانى ئیسرائیلى کرد، لهوێ پاڵپشتى ئەمریکاى بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند ئیسرائیل مافى خۆیەتى بەرگرى لە خۆى بکات دژى هێرشەکانى حەماس.
پرسێكی تر لهم سهردانهی وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا بۆ توركیا باسی لێوهكراوه ئهندامبوونی سویده له رێكخراوی ناتۆ. واشنتن چاوەڕێ ئەوە دەکات کە پەرلەمانى تورکیا دواجار ئەندامبوونى سوید لە رێکخراوى ناتۆ بە سەرۆکایەتى ئەمریکا پەسەند بکات.
تورکیا هۆکاربووە بۆ دواکەوتنى ئەندامبوونى سوید لەو رێکخراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فیلەندا لە مانگى نیسان بووە 31 ەمین وڵاتى ئەندامی ناتۆ.
پەیوەندییەکانى ئەمریکا و تورکیا جۆرێک لە ناکۆکی تێدایە، تەنانەت پێش دروست بوونى شەڕى غەززەش، کە پێشبینى دەکرێت بەهۆى زیاتر تەشەنەکردنى شەڕەکە پەیوەندییەکانیان ئالۆزتربێت.
لە هەمانکاتدا پێدەچێت ئەمریکا سزاکانى سەر کۆمپانیا و بازرگانە تورکەکان توندتر بکات بەهۆى هێنانى کەلوپەلى رووسی و بەکارهێنانیان لە دژى ئۆکرانیا، ئەمەش وەک یارمەتیدانێکى رووسیا دەبینێت.
لە بەرامبەردا ئەنقەرە ناڕازییە لە پشتیوانیەکانى ئەمریکا لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات، کە نزیکترین هێز و هاوپەیمانى ئەمریکایە لە دژى رێکخراوى تیرۆریستى داعش. هەروەها ئەو رێگریانەى کە کۆنگرێس دروستى دەکەن بۆ فرۆشتنی فرۆکەىى شەڕکەرى F16 به توركیا، بەڵام ئەم دوو بابهته بەدوور دەزانرێت بوبێتە تهوهری گفتوگۆى ئەم سەردانەى بلنکین.