واشنتۆن داوا لە بەغدا دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە هێرشیان بۆ سەر بنکەکانیان ئەنجامداوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەغدای ئاگادارکردەوە، لە پێویستی لێپرسینەوە لەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئەمەش لەکاتی سەردانەکەی بلینکندا هات بۆ بەغدا، کە لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ محەمەد شیعاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

بلینکن لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیبووی،کە جەختیان لەسەر “پێویستی رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان” کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکربوو: “داوام کرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن، کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها باسم لە هەوڵەکانمان کرد لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل لە غەززە”.

ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەو گروپانە دابنێت، کە پێگەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە و لە سووریا دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی بنکەی هەریر لە هەولێر و عەین ئەسەد لە ئەنبار.

لە پاش تەشەنەسەندنی دۆخی غه ززه لە ماوەی مانگێکدا، لانیکەم 35 هێرش بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەو دوو بنکەیە و پێگەکانی دیکەیان لە عێراق و سووریا، ئەنجام دراون.

پنتاگۆن گرووپە دڵسۆزەکانی ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە (مقاوەمەی ئیسلامی) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە کاتێکدا تاران ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەوان لە بڕیارەکانیاندا سەربەخۆن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پاش کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشهاتەکانی پەرەسەندنی رووداوەکانی کەرتی غەززە تاوتوێ کراون، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە و دڵنیابوون لەوەی کە فراوانتر نەبێت، کراوەتەوە.

بلینکن ئاماژەی بە هەوڵی وڵاتەکەی کرد بۆ کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە دانیشتوانی کەرتی غەززە، ئاماژەیکرد بۆ خواستی ئیدارەی سەرۆک بایدن بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی و هاوکاری دوولایەنە لەگەڵ عێراق لە پێناو بەرزکردنەوەی سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

پاش دیدارەکەی بلینکن لە عێراق، دوێنێ شەو بەرەو تورکیا بەرێکەوتووە و ئەمڕۆش لە گەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکیەکەی کۆبووەوە، هەروەک سەرۆکوەزیرانی عێراقیش گەستە تاران و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە کۆبوونەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر