دیمەشق – نۆرس پرێس
میدیا ناوخۆییەکانی سووریا رایانگەیاند، ئێران فڕۆکەخانەی لازقییە کە نزیکە لە بنکەی حمەیمیمی رووسیاوە، بۆ ناردنی چەک بۆ سووریا بەکار دەهێنێت.
ماڵپەڕی “دەنگی پایتەخت” کە لە ناو سووریا کاردەکات رایگەیاندووە، رووسیا رێگەی داوە فڕۆکەیەکی ئێرانی، کە لە تارانەوە هاتبوو، لە بنکەی سەربازیی حمەیمیم لە رۆژئاوای سووریا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، بنیشێتەوە.
فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەب لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی پاش پەرەسەندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە لە خزمەتگوزاری دەرچوون و بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا بوونە ئامانجی ئێران.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای “ماهان ئەیر”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بنکەی حمەیمیم نیشتووەتەوە و زیاتر لە شەش کاتژمێر لەوێ ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تاران.
بنکەی حمەیمیمی رووسی، نزیکە لە فڕۆکەخانەی لازقییە (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی باسیل ئەسەد) و بەشێک لە فڕگەکانیان هاوبەشە.
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەکانی ناو بنکەکەوە نووسیویەتی، ئەو فڕۆکەیەی کە پێشتر باسمان کرد هیچ سەرنشینێکی هەڵنەگرتووە و لە ژێر پاراستنی سەربازیی رووسیا – ئێران نیشتووەتەوە، دواتر چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی لە فڕۆکەخانەکەوە، بەرەو رێگای نێودەوڵەتی لە ناوەڕاست و باشووری سووریا بەڕێکەوتوون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران هەڵکردووە بۆ بەکارهێنانی بنکەی حمەیمیم، دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستان، کە لەو ماوەیەدا رووسیا خۆی لە رێگەدان بە فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ گواستنەوەی چەک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکەیەوە بەدوور گرت، ئەمەش دوای دووبارە دەرچوونی فڕۆکەخانەکانی حەڵەب و دیمەشق لە خزمەتگوزاری.
ماڵپەڕەکە بە گواستنەوە لە میدیا ئیسرائیلییەکانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تارانەوە هاتووە و 5 تۆن تەقەمەنی بۆ سووریا گواستووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بارەکە مووشەکی دژە فڕۆکەی سەرشانی تێدا بووە.