پاش دیداری لە گەڵ بلینکن.. سوودانی گەشتە تاران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق پاش دیداری دوێنێی لە گەڵ ئەنتۆنی بلینکین، وه‌زيري ده‌ره‌وه‌ي ئه‌مريكا، راستەوخۆ بەرەو تاران بەرێکەوت و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە تارانی پایتەختی ئێران.

پاش گەشتنی بۆ تاران و پێشوازیلێکردنی لە لایەن رەئیسییەوە، هەردووکیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد، تیایدا ئیبراهیم رەئیسی، داوایکرد کە بۆردوومانەکان بۆ سەر غەززە راگیرێن و گوتیشی، “ئەمریکا چەک و هاوکاری بە ئیسرائیل دەدات و دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت قەوارەی زایۆنیزم بپارێزێت”، هەروەها هەڵوێستی سوودانی لە هەمبەر ناکۆکییەکانی غەززە بەرز نرخاند.

بە هەمانشێوەش سوودانی هەڵوێستی سەرۆککۆماری ئێرانی لە بەرامبەر هەمان پرس بەرز نرخاند، سوپاسی رەئیسی کرد بۆ پێشوازی لێکردنی، راشیگەیاند “ئەم سەردانە بۆ جەختکردنەوەش لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها بەهۆی باروودۆخی ناوچەکەوە ئەم سەردانە گرنگە”.

جگە لەوەش سوودانی دۆخی غەززەی بە “جینۆساید” ناوبرد، سوپاسی هەڵوێستی تارانی کرد لە بارەی پرسی فەلەستین، جەختیشی کردەوە لە هەڵوێستی عێراق بۆ بەدیهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین، کە پایتەختەکەی قودس (ئۆرشەلیم) بێت.

ئەمە دووەمجارە سوودانى سەردانى ئێران بکات، لەدواى دەستبەکاربوونى وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تشرینى یەکەمى ساڵی 2022ەوە.

میدیا ناوخۆییەکانی عێراق ئەوەیان خستەڕوو، سەردانەکەى سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران لە چوارچێوەى گەشتێکى هەرێمایەتیدا بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانى ناوچەکە دێت  و پاش ئێران سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات.

هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاندووە، “گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین.”

دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی عێڕاق.