تورکیا باڵوێزەکەی لە ئیسرائیل کشاندەوە بەڵام “پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناپچڕێنێت”

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەوی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل “لە ئارادا نییە”، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک هات لە گەڕانەوەی باڵیۆزی ئەنقەرە لە ئیسرائیل وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ململانێکانی غەززە.

چاودێران پێشبینی دەکەن هەنگاوی گێڕانەوەی باڵیۆزی تورکیا ببێتە هۆی جۆرێک لە پاشەکشێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، کە لە پاییزی رابردوودا تاڕادەیەکی زۆر ئاسایی بوویەوە، کاتێک دوای چوار ساڵ لە راگیرانیان باڵیۆزەکانیان ئاڵوگۆڕ کردەوە.

بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەپەلە رایگەیاند کە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل “لە ئارادا نییە”.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، “لەبەر رۆشنایی رەتکردنەوەی داوای ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل و رێنەدان بە رۆیشتنی بەردەوامی هاوکارییە مرۆییەکان، بڕیارماندا باڵیۆزەکەمان لە تەلئەبیب بگەڕێنینەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی ئەنقەرەی بە “هەنگاوێکی دیکە بۆ وەستان لە پاڵ رێکخراوی تیرۆریستی حەماس” ناوبرد.

ساڵێک لەمەوبەر تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بە تەواوی دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2010ەوە بە تەواوی بچڕابوو، کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەرەو غەززە دەڕۆیشت و لەو هێرشەدا 10 تورکی کوشت.

ئەم هەنگاوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێک بۆ تورکیا بکات، لە کاتێکدا هەوڵدەدات کۆدەنگییەکی ناوچەیی لەسەر غەززەی پاش جەنگ دروستبکات.

ئیسرائیل مانگی رابردوو بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە تەواوی تیمە دیپلۆماسیەکەی لە تورکیا گەڕاندەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی دژ بە ئیسرائیل لەو وڵاتەدا بەردەوامە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر