بۆ یەکەمجار فڕینی درۆنەکانی چاودێری ئەمریکی بەسەر کەرتی غەززەدا پشتڕاستکرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

جەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن، بۆ یەکەمجار فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بێ چەکی بەسەر کەرتی غەززەدا پشتڕاست کردەوە.

گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، “ئامانج لە فڕینی ئەم درۆنانە بەسەر کەرتی غەززەدا پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ رزگارکردنی بارمتەکان، کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرن”.

ناوبراو لە راگەێنراوێکی کورتدا گوتی: “ئەم درۆنانە پاش هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کە حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، دەستیان بە فڕین بەسەر غەززەدا کردووە”.

لە راگەێنراوەکەی پنتاگۆندا هاتووە “ئەمریکا گەشتی بێ چەک بەسەر ئاسمانی غەززەدا ئەنجام دەدات، هەروەها راوێژ و هاوکاری پێشکەش بە هاوبەشە ئیسرائیلییەکانمان دەدات لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی بارمتەکان”.

ئەم پشتڕاستکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئاژانسە هەواڵییەکان چاودێری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی جۆری MQ-9 Reaper یان کردووە، کە بەزۆری لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێن و بە دەوری غەززەدا دەسوڕێنەوە.