ئوردون هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە پووچەڵ دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی ئوردن رایگەیاند کە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کە لە خاکی سووریاوە هاتبوو، پووچەڵ کردووەتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردووشدا، هێزەکانی ئوردن رایانگەیاند، کە هەوڵی دزەکردن و بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەر، کە لە خاکی سووریاوە دەهاتن، پووچەڵ کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی فەرمی لە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئوردن رایگەیاند، “هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و خزمەتگوزارییە ئەمنییە سەربازییەکان، چاودێری هەوڵێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سوریاوە بۆناو خاکی ئوردن سنوور ببەزێنێت”.

لە چەند مانگی رابردوودا سوپای ئوردن ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سووریا چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لە ڕووی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە.

ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاماژەی بەوەدا، ئەو فڕۆکەی رێگری لێکراوە بڕێک ماددەی بلوری هەڵگرتبوو، کە دەستی بەسەردا گیرا و گواستراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی