فڕۆکەخانەی هەولێر چەند گەشتێکی هەڵوەشاندنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشانەوەی چەند گەشتێکی ئیستەنبووڵ و مەدینە و عەممان و دەوحەی هەڵوەشاندەوە.

شەوی رابردوو ئەو دەنگۆیە بڵاوکرایەوە، کە بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، هەرچەندە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، رەتیکردەوە هێرشکرابێتە سەر فڕۆکەخانەکە، بەڵام بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی فڕۆکەخانەی هەولێر چەند گەشتێک هەڵوەشاونەتەوە.

بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، کە هەڵوەشاندنەوەی 13 گەشت، هۆکارەکانی ئەمنی نەبووە، بەڵکو به‌هۆی “له‌كاركه‌وتنی سیستەمه‌وه‌ بووه‌ و دوای ئه‌وه‌ی چاككراوه‌ته‌وه‌، گه‌شته‌كان ده‌ستیان پێكردوه‌ته‌وه‌”.

گەشتە هەڵوەشاوەکانیش بریتین لە گەشتەکانی رۆشتنی هەریەک لە ئیستەنبووڵ، بۆ کاتژمێرەکانی 02:50، 03:35 و07:35، نەجەف لە 03:45، دەوحە 04:30 و عەممان 06:00، هەروەها گەشتەکانی هاتن لە ئیستەنبووڵەوە لە کاتژمێرەکانی 00:20 و 01:35 و02:55 و 03:20 و05:25، مەدینە 01:10، عەمان 03:00 و دەوحە 03:35 هەڵوەشاونەتەوە.

پاش تەشەنەسەندی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پیگەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆن و مووشەکی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.

ئێوارەی پێرێ چوارشەممە ئەکرەم کەعبی، سەرۆکی بزوتنەوەى نوجەبا لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس، بانگەوازى دەستپێکردنى جەنگی لە عێراق بڵاوکردەوە، گوتیشی بڕیاریان داوە “عێراق لەڕووی سەربازییەوە ئازاد بکەن”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە عێراق ئامادەن بۆ کاروباری راهێنان و راوێژکاری، کە بەپێی رێکەوتنێکی فەرمییە لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

سەرۆکی میلیشیا عێراقییەکە نووسیویەتی، “بەرگریى ئیسلامى لە عێراق بڕیاریداوە بەشێوەى سەربازی عێراق ئازاد بکات و پرسەکە یەکلابکاتەوە”، دەشڵێ: “راوەستان و ئاگربەست و پاشەکشە نییە”.