رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی دەدەن لە بەرزبوونەوەی رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییاندا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێراندا، کە بەبەراود بە ساڵی رابردوو ئامرەکە سێ هێندە زیادیکردووە.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لە نوێترین ئاماردا بڵاوەیکردووەتەوە، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا 307 کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون.

ھاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان جێی شەرمەزارییە، ئامارەکەش سێ ھێندە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی مافی مرۆڤی ئێران، بە تەنھا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، 142 کەس لەسێدارەدراون، کە دەکاتە چوار کەس لە رۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئامارە کە لە ساڵی 2015ەوە لە مانگێکدا، تۆمار کرابێت.

راپۆرتەکە دەڵێ، لەو 142 کەسەی لەسێدارەدراون، 37%ی ئەو ژمارەیە بەندکراوی کورد و بلووچ بوون، کە 31 کەسی بەلووچ و 22 کورد و 9 تورک و 6 ئەفغانی لە بەندیخانەکان لەسێدارەدراون و لەو ژمارەیەش تائێستا ناسنامەی 37 کەسیان ئاشکرا کراوە.

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، 59%ی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارەدراون، واتە 180 کەسیان، تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەریان لەسەر بووە.

لە 20%ی ئەوانەشی لە مانگی ئایار روبەڕوی لەسێدارەدان بوونەتەوە، لە نەتەوەی بەلووچ بوون و ژمارەیان 30 کەسە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ساڵی رابردوو لە ھەمان ماوەدا 174 کەس لەسێدارەدراون، واتە بەرێژەی 76% لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا، زیادیکردووە.

لەمدواییانەدا دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ زۆرێک لە تۆمەتەکان جێگیرکردووە، وەک  تۆمەتەکانی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینەکان و دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەروەھا لەسێدارەدانی کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندی سێکسی..

مافی مرۆڤی ئێران ھۆشداریشیدا لەپەرەسەندنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و  داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە کاردانەوەی توند و ھەنگاوی جدی و کرداریی، لەسێدارەدان لە ئێران رابگرن.