سەرچاوەیەک بۆ رۆیتەرز: دانوستان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تا رۆژی شەممەی رابردوو بە نێوەندگیری قەتەر بەردەوام بووە
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەک لەبارەی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، کە ئەو دانوستانانە بە نێوەندگیری قەتەر و بە ئامانجی کەمکردنەوەی کەمێک هێورکردنەوەی جەنگ لە غەززە، تا رۆژی شەممەی رابردوو (28ی تشرینی یەکەم) بەردەوام بوو، ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕترکردەوە.
ئەو سەرچاوەیە، کە “بەهۆی هەستیاری دانوستانەکانەوە مەرجی ئەوەی هەبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت”، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گفتوگۆکان کۆتاییان پێنەهاتووە، بەڵام بە “زۆر خاوتر” بە بەراورد بە پێش هەڵکشانەکە لە ئێوارەی هەینی رابردووەوە بەڕێوەچوون.
بە گوتەی ئاژانسەکە و لە زاری سەرچاوەکەیانەوە، قەتەر زیاتر لە سێ هەفتەیە دیپلۆماسیەتی پشت پەردە بەڕێوەدەبات و لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل قسەی کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی زیاتر لە 200 بارمتە کە حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە غەززە دەستیان بەسەردا گرتوون.
ئیسرائیل لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بە شیوەیەکی توندتر لە جاران بۆردومان و هێرشی کردە سەر غەززە و دەسەڵاتدارانی تەندروستی فەلەستین دەڵێن، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە حەوت هەزار فەلەستینی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان کوژراون.
قەتەر، کە وڵاتێکی بچووکە، بەڵام خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە، هێڵی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا هەیە و بزوتنەوەکە فەرمانگەیەکی سیاسی لە دەوحەی پایتەختی ئەو وڵاتەدا هەیە، پێشتریش شاندەکانی قەتەر هاوکار بوون لە نێوەندگیری ئاگربەست لە نێوان ئەو گرووپە و ئیسرائیلدا.