بەڕێوبەریی خۆسەریی لە کۆبانێ نرخی دەرهێنانی رۆنی زەیتونی جێگیرکرد

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی لە کۆبانێ نرخی دەرهێنانی رۆنی زەیتونی جێگیرکرد، هەروەها ئەو مەرجانەیشی دەستنیشان کرد، کە دەبێت خاوەن کارگەکان پێوەی پابەندبن.

هەموو ساڵێک لەم کاتانەدا، جووتیارانی زەیتون دەست دەکەن بە دروێنەکردنی بەرهەمەکانیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ فرۆشتنیان یان دەرهێنانی رۆنەکەی.

دەستەی ئابووری لە کۆبانێ نرخی گوشین و دەرهێنانی یەک تۆن زەیتونی بە 63 دۆلار جیگیر کرد، کە هاوتاکەی بە لیرەی سوری و بە نرخی رۆژ وەردەگیرێت لە لایەن خاوەن کارگەکانی گوشینی رۆنی زەیتوونەوە.

نرخی بوتڵێکی بەتاڵ بۆ زەیتوون لە کارگەکاندا بە 2 دۆلار دانرا، رێژەی رێگەپێدراویش بۆ گوشینی زەیتوون بە لەسەدا 7 ی بەرهەمەکان دانراوە.

دەستەکە بە گشتاندنی ژمارە 9 مەرجەکانی بۆ خاوەن کارگەکان داناوە، لەوانە: پێویستە پابەندی نرخەکان بن، خێراکردنی کاتی دەرهێنانی رۆن رێگەپێدراو نییە و دەبێت مەرجە تەکنیکییەکانی دیکەی پەیوەست بە پرۆسەی پەستانکردنەوە رەچاوبکرێت، لەوانە پلەی گەرمی ئاو و رێژەی سەدی رۆن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان