هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی حکومەتی سووریا لە دێرەزوور و حومس

دێرەزوور – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەکدارانی نەناسراو بە چەکی ئۆتۆماتیکی و هاوێژەری موشەکی، هێرشیان کردە سەر بارەگای هێزەکانی حکومەتی سووریا لە گوندەواری دێرەزوور و حومس.

سەرچاوەیەکی سەربازیی له هێزەکانی حکومەتی سووریا به پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بە سێ موشەکی سەر شان، بارەگای سەربازی فیرقەی 17یان له شارۆچکەی ئەلسوخنە لە گوندەواری حومس کردەئامانج و لە ئەنجامدا سێ ئەندامیان بریندار بوون و زیانی ماڵی بەر بارەگاکە کەوت.

دوێنێ چوارشەممە، بیابانی سوخنە شەڕ و پێکدادانی لە نێوان گەڕەکانی هێزەکانی حکومەت و چەند چەکدارێکی نەناسراودا  بەخۆوەبینی، کە گەڕێکی سەربازی و خاڵە سەربازییەکانی نزیک لێیانەوە کردەئامانج و لە ئەنجامدا یەکێک لە ئەندامانی گەڕەکە کوژرا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکەی مووشەکی بارەگای ئەمنی عەسکەریی سەر بە حکومەتی کردە ئامانج، لەنزیک فولکەی ئەلتەیارە لە گوندەواری بوکەمال لە دێرەزوور و زیانی ماددی لێکەوتەوە، هاوکات چەند چەکدارێک بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی فیرقەی چوارەم، لە نزیک فولکەی ئەلبەلعوم لە شارۆچکەی مەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان